20%ـی تانکەرەکان

دانیشتووانی گوندی تەلان و شۆفێری تانکەرەکانی پاڵاوگەکە رێککەوتن

964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی

دوای 28 رۆژ لە بەردەوامیی کێشەی دانیشتووانی گوندی تەلان و تانکەرەکانی پاڵاوگەی تەلان، دانیشتووانی گوندەکە لەگەڵ نوێنەرانی بارهەڵگرەکە لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتن.

لە 12.9.2023 دانیشتووانی گوندی تەلانی سەر بە قەزای دوکان رێگای بارهەڵگرەکانیان گرت و داوای جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان دەکرد، پاشان بە بڕیارێک تانکەرەکانی پاڵاوگەکە و دانیشتووانی گوندەکە راگیران و پاڵاوگەکە بە تانکەری خۆی کارەکانی دەکرد.

رێکەوت ساڵح، نوێنەری دانیشتووانی گوندی تەلان بە 964ی وت، لەسەر سێ خاڵ رێککەوتوون، ئەوانیش بریتین لەوەی 20%ـی تانکەرەکان دەبێت هی دانیشتووانی گوندەکە بن و هەر تانکەرێکیش بەوێدا تێپەڕێت، دەبێت پێنج هەزار دینار بدات بۆ گوندەکە و دەخرێتە سندوقێکەوە و بۆ خزمەتگوزاری گوندەکە خەرج دەکرێت، دوو مەندوبی کۆمپانیاکەش لە دانیشتووانی گوندەکە دەبن، کە کاریان رێکخستنی باری تانکەرەکانە.

وتیشی “پاڵاوگەکە 70 تانکەری هەیە و پێشتر تەنیا چوار بارهەڵگری هی خەڵکی گوندەکە بوو، بەو رێککەوتنەش نزیکەی 15 تانکەریان دەبێت بە هی خەڵکی گوندەکەوە”.

گوندی تەلان دەکەوێتە سنووری جوگرافیی قەزای دوکان لە پارێزگای سلێمانی، رێگای پاڵاوگەکەش بە ناو گوندەکەدا تێدەپەڕێت.

پێداچوونەوە: فەرهاد حەسەن

لە گرژییەکانی گوندی تەلان کەسێک برینداربوو

لە گرژییەکانی گوندی تەلان کەسێک برینداربوو