ترێ و سێو دەکاتە شەربەت
کارگەیەکی دروستکردنی شەربەتی فرێش لە مانگێش بونیاد دەنرێت
964+
زەید کۆچەر – دهۆک
لە ناحیەی مانگێش سەر بە قەزای ئامێدی، کارگایەکی دروستکردنی شەربەتی سروشتی بونیاد دەنرێت و هەموو جوتیارەکانی سنووری پارێزگای دهۆک سوودی لێ دەبینن.
ئێستا کارگاکە 70%ـی کارەکانی تەواو بووە، بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا بکەوێتە کار و وەکو سەرەتا هەردوو بەروبوومی ترێ و سێو دەکرێن بە شەربەت.
ئەحمەد جەمیل، بەڕیوەبەری گشتی چاندن لە دهۆک بە 964ـی وت، کارگەکە هاوکارێکی باش دەبێت بۆ ساغبوونەوەی بەرهەمی جوتیارەکانی سنورەکە.
کارگەکە لەلایەن کەرتی تایبەت دروستدەکرێت و لەژێر چاودێری و رێنمایی بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاندنی دهۆک کارەکانی دەکات.
مەسعود وەیسی، خاوەن کارگەکەیە، ئەو بە 964ـی وت، “سەرەتا ترێ و سێو دەکەین بە شەربەت و هەمووی سروشتییە، هەروەها دواتر لە پلانمان دایە، هەموو میوەکانی تریش بکەن بە شەربەت، مرەبا و خەلی سروشتیش دروست بکەین”.
بە وتەی مەسعود وەیسی، کارگەکە لە یەک کاتژمێردا توانای بەرهەمهێنانی یەک تۆن و 500 کیلۆ شەربەتی سروشتی هەیە و تەنیا پێویستی بە 15 کارمەند دەبێت.
کارگەکە لەسەر رووبەری دوو دۆنم زەوی دروستدەکرێت و ئامیرەکانی لە وڵاتی ئیتاڵیاوە هێنراون.
سۆران بووە خاوەنی کارگەیەکی گەورەی ئۆکسجین
پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر