گومان لە ژینگەکەی هەیە
منداڵێک تەمەنی نەبووە بە دوو ساڵ دووجار سنگی بۆ کراوەتەوە
964+
دیلان محەمەد و رێژوان مامەقادر
خانەوادەیەک لە گوندێكی نزیک سلێمانی، لە ماوەی نزیکەی دوو ساڵدا، دووجار کردنەوەی سنگیان بۆ منداڵەکەیان کردووە، بە وتەی دلێر جەباری باوکی بێت، “هێشتا تەندروستی منداڵەکەشی جێگیر نییە”.
ئەو دەڵێت، لەبارەی هۆکاری تێکچوونی تەندروستی منداڵەکەی دکتۆرە پسپۆرەکان لە وڵاتی ئێران پێیان وتووە، “پسیبوونی ژینگە، پاشماوەی جەنگەکان یان بۆماوەیی بە هۆکار دەزانین”، دلێر دەڵێت، “ئێمە ژینگەکەمان پیسە و دڵنیا بووینەتەوە، ئەو ناوچەیەی لێی نیشتەجێ بووین هۆکار سەرەکی تێکچوونی دۆخی تەندروستی منداڵەکەمان بووە”.
ئەو ناوچەیەی خێزانەکەی دلێر تێیدا نیشتەجێن، دەکەوێتە نزیک چەمی تانجەرۆ لە باشووی سلێمانی، بەوتەی دلێر جەبار بێت، “زۆربەی خۆڵ و بۆنی کارگەکان و دوکەڵ و پاشماوەی دروستکردنی کەلوپەلەکان، دەچێت بەسەر ئەو ماڵانەی کە نیشتەجێی ئەو ناوچانەن”.
دکتۆر پشدەر عەبدوڵا، پزیشکی پسپۆری منداڵان بە 964ی وت، “ژینگە نا تەندروست بوون، هۆکارە بۆ ئەوەی کۆمەڵێک نەخۆشی پەیوەست بە نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە، رەبۆ، هەناسەتوندی، هەستیاری سنگ و پێست زیادبکات”.
لەبارەی دوکەڵی کارگە و پاشماوە ژینگەییەکان، پشدەر عەبدوڵا پێی وایە، “کاریگەری راستەوخۆ و ناراستەوخۆ دەکاتە سەر تەندروستی منداڵان، بەتایبەت زۆر بوونی کەیسەکان دەرخەی ئەوەن ژینگەی کوردستان ناتەندروستە”.
پەیامنێرانی 964 زیاتر بەدواداچوونیان بۆ کەیسی منداڵە کردووە، دیلان محەمەد لە ماڵی خانەوادەکە و رێژوان مامەقادر لە لای پزیشکێکی پسپۆری منداڵان شەنوکەوی دۆخی منداڵەکە دەکەن.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا