به ده‌یان ئاژه‌ڵدار و هه‌زاران ئاژه‌ڵ سوودیان لێ بینیوه
به‌رده‌ڕه‌ش بۆ ماوه‌ى مانگێك ئاژه‌ڵه‌كانى ده‌شوات
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
له سنوورى قه‌زاى به‌رده‌ڕه‌ش هەڵمەتێکی شوشتنی ئاژەڵ ده‌ستپێكردووه، ماوه‌ى مانگێك ده‌خایه‌نێت تا ئێستا ژماره‌یه‌ك گوند و هه‌زاران سهرهئاژهڵ سوودیان لێبینیوه.
هه‌ڵمه‌ته‌كه له‌لایه‌ن به‌شی ڤێته‌رنه‌رى ئه‌و قه‌زایه به‌ڕێوه‌ده‌چێت و به‌رپرسى ڤێته‌رنه‌ریش ده‌ڵێت، هه‌ڵمه‌ته‌كه‌یان بێ به‌رامبه‌ره.
د. محه‌مه‌د مه‌جید، به‌رپرسی به‌شی ڤێته‌رنه‌رى به 964ـى راگه‌یاند، له 15.9.2023 ده‌ستیان به‌و هه‌ڵمه‌ته كردووه و تاوه‌كو 15.10.2023 به‌رده‌وام ده‌بێت.
وتیشی “تا ئێستا ئاژه‌ڵدارانى 18 گوند و 15 هه‌زار سه‌رئاژه‌ڵیش سوودیان له‌و هه‌ڵمه‌ته‌مان وه‌رگرتووه”.
له 60 ماڵى گونده‌كانیش ده‌رزى ژێرپێست له ئاژه‌ڵه‌كانیان دراوه و شوێنى ئاژه‌ڵى 50 ئاژه‌ڵداریش رشێندراوه.
د. محه‌مه‌د ده‌شڵێت، ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌یان بۆ به‌رگرتنه له بڵاوبوونه‌وه‌ى نه‌خۆشی تاى خوێنبه‌ربوون كه نه‌خۆشییه‌كه له ئاژه‌ڵه‌وه بۆ مرۆڤ ده‌گوازرێته‌وه.
له‌سنوورى قه‌زاى به‌رده‌ڕه‌ش ته‌نیا یه‌ك حاڵه‌تى تاى خوێن به‌ربوون له گوندێكی ناحیه‌ى داره‌توو تۆمار كرابوو، به‌ڵام به‌پێی قسه‌ى به‌رپرسی ڤێته‌رنه‌رى، حاڵه‌تێكى سووك بووه و چاره‌سه‌رى بۆ كراوه.
به‌پێی ئه‌و ئاماره‌ى كه 964 له به‌شی ڤێته‌رنه‌رى ده‌ستیكه‌وتووه، له سنوورى قه‌زاى به‌رده‌ڕه‌ش كه زیاتر له 80 گوند له‌خۆده‌گرێت، نزیكه‌ى 85 هه‌زار سه‌رئاژه‌ڵى جۆراوجۆر هه‌ن، كه له‌ناویاندا 80 هه‌زار سه‌ر مه‌ڕ و بزن و نزیكه‌ى پێنج هه‌زار مانگا و گۆلكیش هه‌ن.