ئەو بابەتانەی لە دیدارەکە باس دەکرێن کامانەن؟

ئەم دوو رۆژە “مێری” هەولێر و بەغدا و دنیا پێکەوە کۆدەکاتەوە

964+

ژووری هەواڵ

ئەم دوو رۆژە لە هەولێر بەشێکی زۆری قسە رۆیشتووەکانی هەولێر و بەغدا کۆدەبنەوەو لە هۆڵێکدا بە بەرچاوی میدیاکانەوە شەن و کەوی بارودۆخەکە دەکەن و لە چارەیەک دەگەڕێن، بۆنەکەش دیداری مێرییە.

ئینستیتیوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە “مێری” ساڵانە لە هەولێر و لەبەغداش ئەم جۆرە دیدارانە رێکدەخات، گرنگییەکەی ئەوەیە ئەو کەسانە پێکەوە گفتوگۆ دەکەن کە لە هەولێرو بەغدا خاوەن بڕیارن.

بۆ ئەمساڵ دیدارەکە دوو رۆژە، ئەمڕۆ کاتژمێر 9:35 یەکەم پانێل لە هۆتێل رۆتانای هەولێر دەستپێدەکات، ئەو بابەتانەی لە دیدارەکە باس دەکرێن، حکومڕانی، نەوت، وزە، سەرکردایەتی ژنان، سیاسەتی میدیایی هەواڵ، رۆڵی ئەمریکا و رێکەوتنی شنگال دیارترین بابەتەکانی گفتوگۆن.

لە هەرێمی کوردستان، سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی و جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزیری ناوخۆ لەو بەرپرسانەن کە پانێلیان هەیە، لە عێراقش راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی و پارێزگاری نەینەواو عەمار حەکیم و چەند بەرپرسێکی تر بەشدارن، باڵێۆزی چەند وڵاتێکی ئەوروپی و نوێنەرانی ئەمەریکاش قسەیان دەبێت.

تیمی 964 ئەم دوو رۆژە لە هۆڵی کۆنفرانسەکانەوە رووماڵی دیدارەکە دەکەن و وردەکارییەکەی دەگوازنەوە.