لۆگۆی وەزارەتی دارایی و ئابووری
وەزارەتی دارایی وادەی گەیشتنی موچەی مانگی هەشتی راگەیاند
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
وەزارەتی دارایی هەرێم پێشبینیدەکات کە لە رۆژانی 20 تاوەکو 25ـی ئەم مانگە بەغدا گوژمەی چوارەمی ئەو قەرزە بنێرێت کە بۆ موچەی مانگەکانی حەوت، هەشت و نۆی فەرمانبەرانی کوردستان بڕیاری لێدابوو.
ئەمڕۆ یەکشەممە 8.10.2023، هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەگەڵ گەیشتنی ئەو بڕە پارەیە، دەست بە ئامادەکارییەکان دەکەن بۆ دابەشکردنی موچەی مانگی ئاب.
وتیشی، تاوەکو ئێستا بەرچاوڕوونیان هەیە کە بەغدا پارەی دوو مانگی دیکەی موچەخۆرانی هەرێم بە قەرز دەنێرێت و “لە وادەی خۆیدا دەگات”، دوای ئەم دوو مانگە، لەگەڵ بەغدا لەسەر خەت دەبن بۆئەوەی تاوەکو کۆتایی ساڵ بگەنە رێککەوتن لەبارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
هەر لەو کۆنفرانسە رۆژنامەوانیەدا، د. هاورێ کەمال، راوێژکاری وەزارەتی دارایی وتی، “هەندێک لە کەناڵەکانی راگەیاندن کە باسی داهات دەکەن راستییەکە ناڵێن، باسی 320 ملیار دەکەن، ناڵێن ئەو بڕە هەمووی بە کاش نایەت، هەندێکی بۆ وەزارەتەکانە، هەندێک بۆ خزمەتگوزاریی و هەندێکی دیکەی بۆ پێشینەکانە، بۆیە بڕێکی کەمی لێ دەمێنێتەوە”.
راشیگەیاند، هەفتەی داهاتوو تەواوی داهاتەکان بە ژمارە رادەگەیەنن، داهاتی شەش مانگی رابردوو و ئەو بڕە پارەیەش ئاشکرا دەکەن کە دەیدەن بە حکومەتی فیدراڵی.
پێشتر بەغدا بە سێ گوژمە بڕی 700 ملیار دیناری بۆ موچەی مانگی حەوتی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نارد، بەڵام تاوەکو ئێستا چارەنوسی موچەی مانگی هەشت و نۆیان دیارنییە.