گەشتی هەواڵەکان

بانکی ناوەندیی لەبارەی دۆلارەوە روونکردنەوە دەدات

964+
ژووری هەواڵ

– دڵ لە دڵ مەدەن دۆلار وەک خۆی دەمێنتەوەو ناگاتە 170 هەزار دینار، ئەو دۆلارانەش کە خەڵک لە بانک دایناون هیچ کێشەیان نییە، ئەمە بانکی ناوەندی عێراق وادەڵێت.

– تەنیا ئەم نۆ مانگەی ئەمساڵ 80 هەزار ئۆتۆمبێل هاوردەی هەرێمی کوردستان کراون، جا قەولە هێشتا زیاتریش بێت. ئەو ئامارانە وەزارەتی بازرگانی ئاشکرایان دەکات.

– لە دوو رووداوی جیاوازدا هەر ئەمڕۆ دوو کرێکار لە کەرکوک گیانیان لەدەستدا، یەکێکیان دیوار رووخا بەسەریدا و ئەوی تریان لە باڵەخانەیەک کەوتەخوارەوە.

– تا ئەمڕۆ ژمارەی ئەوانەی لە رووداوەکەی حەمدانییە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە 122 کەس، لە بەغداش پزیشکی دادوەری خەریکی یەکلاکردنەوەی دۆسێی تەرمە نەناسراوەکانە، ئەمەش پێویستی بەوەرگرتنی DNA کەسوکاریان دەبێت.

– راستە وەرزی گەرما خەریکە تەواو دەبێت، بەڵام هێشتا بەتەواوی لە بڵاوبوونەوەی کۆلێرا لە خەم نەڕەخساوین, لە بەردەڕەش هەرچەند هیچ حاڵەتێکی کۆلێرا تۆمار نەکراوە، بەڵام تەندروستی شارەکە خۆی تەیار و ساز داوە و بڕیاردراوە کلۆر بۆ ئاوی بیرەکان دابین بکرێت و چاودێری بازاڕ بکەن.