لە کاتی کارکردندا

لە کەرکوک دوو کرێکار گیانیان لە دەستدا

964+
کاروان ساڵحی -کەرکوک

لە کەرکوک کرێکارێک لە کاتی کارکردندا دیوار روخا بەسەریدا و گیانی لەدەستدا، کرێکارێکی دیکەش لە باڵەخانەیەک کەوتە خوارەوە و سەختی برینەکەی کۆتایی بەژیانی هێنا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 5.10.2023، رووداوەکەی یەکەم لە ناوچەی پیشەسازی کەرکوک روویداوە، کرێکارەکە گەنجە و تەمەنی 25ساڵە، بەوتەی قسەی ئامۆزاکەی بێت، “لە کاتی بارکردنی تایەی ئۆتۆمبێل لا دیوارێک روخاوە بەسەریدا و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە”.

روناک عەلی، ئامۆزای ئادەم سامان ئەو گەنجە گیانی لەدەست دا بە 964ی وت، “ئامۆزاکەم دانیشتوی گەڕەکی پەنجا عەلییە، ماوەیەکە کاری بارکردن و داگرتنی تایەی ئۆتۆمبێل دەکات لە ناوچەی پیشەسازی، بەهۆی داروخانی لا دیوارێک گیانی لە دەستداوە”.

وتیشی، “تەرمەکەی لە گۆرستانی پەنجا عەلی بە خاکسپێردرا”.

حەوت کرێکار لە رووداوێکی هاتوچۆ بریندار بوون

حەوت کرێکار لە رووداوێکی هاتوچۆ بریندار بوون

سەرچاوەیەک لە بنکەی پۆلیسی عروبە بە 964ی وت، “لە لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە ئەو لا دیوارەی، روخاوە تایەی بەرکەوتوە و ویستویەتی تایەکە لابەرێت دیوارەکە روخاوە بەسەریدا و گیانی لە دەستداوە”.

لە بارەی رووداوی دووەمەوە، سامان یابە بەرپرسی راگەیاندنی فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک بە 964ی وت، “کرێکارکی ئاوارەی سوری لە کاتی کارکردن لەسەر باڵەخانەیەک لە شەقامی قودس دەکەوێتە خوارەوە و بەهۆی سەختی برینەکەیەوە دەست بەجێ گیانی لەدەستداوە”.

ئەوەشی وت، “ئەو کرێکارە ناوی ئەمین خەلیل موسلیمە و تەمەنی 20 ساڵە تەرمەکەلە ئێستادا، لە پزیشکی دادیی کەرکوکە و دواتر رادەستی کەسوکارەکەی دەکرێتەوە”.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا