وتاری سودانی لە ئەنجومەنی ئەمریکی بۆ پەیوەندییەکانی دەرەوە. وێنە:ماڵپەڕی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق.
سەرۆک وەزیرانی عێراق: هیچ قەیرانێکی سیاسی لەنێوان هەرێم و بەغدا نییە
964+
فەهمی نەبی
محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە گفتوگۆیەک لەگەڵ ئەنجومەنی ئەمریکی بۆ پەیوەندییەکانی دەرەوە و لە پەراوێزی کۆبونەوەی ساڵانەی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی، هیچ قەیرانێکی سیاسی لەنێوان هەرێم و بەغدا نییە، ئەوەی هەیە کێشەیەکی یاسایی داراییە و بە گفتوگۆ تێدەپەڕێت.
لەبەشێکی دیکەی وتارەکەی سودانی دەڵێت، هەرێم کارەکتەری گرنگی سیاسی عێراقە.
لەبارەی دەستوەردانی دەرەکی لە پرۆسەی سیاسی عێراق سودانی دەڵێت، لە هیچ لایەنێکی دەرەکی قبوڵ ناکەین دەستوەردان لەپرۆسەی سیاسی عێراق بکات، ئەو دەڵێت “ئێمە جیاوازی لەگەڵ پەیوەندی تەندروست و دەستوەردانی دراوسێکان دەکەین”، هاوکات هەر وڵاتێک بە ئەمریکاشەوە ئەگەر دەیانەوێت پەیوەندییەکی دروستیان لەگەڵ عێراق هەبێت دەبێت دەستوەردان نەکەن، بڕیاری عێراق ناچێتە ژێرباری بڕیاری ئەمریکا و ئێران و تورکیا.
لەبارەی دزی سەدە، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێت، بەشێک لەوانەی دزی سەدەیان ئەنجامداوە رەگەزنامەی ئەمریکا و بەریتانیان، ئەوانەی دزی سەدەیان ئەنجامدا پلە باڵاکانی حکومەتی پێشوو بوون و فەرمانی دەستگیرکردن بۆ بەشێکیان دەرچووە.
لەبارەی ئەو پارانەی دزراون سودانی دەڵێت، بەکۆی گشتی ئەو پارانەی لە کابینەی حکومەتی رابردوو بردراون، سێ ترلیۆن دینارە.
سودانی دەڵێت، گەشەی دانیشتوانی عێراق زیاد دەکات و بەتەنیا نەوت ناتوانێت پێداویستییەکانی عێراق پڕ بکاتەوە.