سبەی دەگات
لە سلێمانی سەدان کەس ناویان بۆ کڕینی ئایفۆن 15 نووسیوە
964+
دیلان محەمەد جەزا
سبەینێ هەینی 22.9.2023، ئایفۆن 15 بە قەبارە جیاوازەکانی دەگاتە سلێمانی و ئەوانەی ناویان نوسیوە، رۆژی شەممە دەتوانن بچن بۆ کڕینی.
پێشبینی وایە نرخی ئایفۆن گۆڕانکاری بەسەردا بێت، لە هەزار و 300 دۆلارەوە دەست پێبکات بۆ دوو هەزار و 300 دۆلار.
ئەمرۆ پێنجشەممە 21.9.2023، رەنج محەمەد وتەبێژی کۆمپانیای ئەسێ لە سلێمانی بە 964 وت، “تا ئەم ساتە نزیکەی 500 کەس ناوی نووسیوە، بۆ ئەوەی یەکەم کەس بن ئایفۆن 15 بکڕن، بەردەوام هاوڵاتی زیاتر سەردان دەکات بۆ ئەوەی ناو بنووسن”.
بۆ ڕۆژی شەممە، ئایفۆنی ئەکتیڤ کراو بڵاودەبێتەوە و نرخی 200 دۆلار کەمترە، رەنج محەمەد وتی، “ئەوانە مۆبایلی دەستی دوون، بەڵام خراونەتەوە ناو پاکەت و کەپس کراونەتەوە”.
بۆچی ئایفۆن شاحینەکەی کرد بە تایپ C؟
ئەو مۆبایلانە تەنیا گەرەنتی وڵاتی چین دەیانگرێتەوە، ئەو وتەبێژەی کۆمپانیای ئەسێ ئەوەی وت، “بە نمونە بریکارێکی ئەپڵ لە وڵاتی چین، پێویستە دوو هەزار مۆبایل بفرۆشێت تەنیا هەزار دانەی بۆدەفرۆشرێت لە ماوەی 25 رۆژدا، ئەوانەی نەفرۆشراون کارمەندەکانیان ئەکتیڤی دەکەن و دەیخەنەوە ناو پاکەت و رەوانەی بازاڕی دەکەنەوە”.
پێشتر و لە دوو رۆژ لە نمایشکردنی ئایفۆنە تازەکە، نرخی ئایفۆن 14 و 14 پڕۆ ماکس لە چین بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزی، کە بۆ هەر دانەیەکیان نزیکەی 85 بۆ 135 دۆلار بوو دابەزینەکە.
نرخی پێشووی ئایفۆن 14 لە چین بە 826 دۆلار بوو، ئێستا نرخەکەی بووەتە 740 دۆلار، هەروەها نرخی ئایفۆن 14 پڕۆ ماکس پێشتر بە 962 دۆلار بووە و ئێستا بووەتە 824 دۆلار.