وادەی تۆمارکردنی چەک کۆتایی هات

964+

پێشەوا محەمەد

لەمڕۆوە وادەی تۆمارکردنی چەکی بێمۆڵەت کۆتایی هات و پۆلیسی هەرێمیش دەڵێت، تا ئێستا هیچ وادەیەک بۆ درێژکردنەوەی نییە.

بە پێی زانیارییەکانی پۆلیسی هەرێم کە بە 964 دراوە، نزیکەی 18 هەزار چەک تۆمار کراون، کە زۆرینەیان چەکی کڵاشینکۆف و دەمانچە بوون.

کارزان ئەمیر، وتەبێژی پۆلیسی هەرێم بە 964ـی راگەیاند، ئەوەی کراوە مۆڵەتدان نییە بەو چەکانە بەڵکو چەند لیژنەیەکی دیکە دواتر فۆڕمەکان سەیر دەکاتەوە و بڕیار لەبارەی مۆڵەتەوە دەدرێت.

وتیشی، “لەمڕۆوە چەکی بێمۆڵەت بە هەر کەسێکەوە بگیرێت ئەوا بە پێی یاسای ژمارەی 2ـی چەک لە هەرێم سزا دەدرێت”.

مادەی 15ـی یاسای ژمارەی 2ـی ساڵی 2022ـی چەک لە هەرێمی کوردستان تایبەتە بە سزاکان و تێیدا هاتووە، “سزای هەڵگرتنی چەکی بێمۆڵەت یان هەبوونی لە ماڵەوە، یان فرۆشتنی یان چاککردنەوە و دەستاودەستکردنی، بریتی دەبێت لە بەندکردن بە ماوەیەک لە یەک ساڵ کەمتر نەبێت و لە سێ ساڵ زیاتر نەبێت، هەروەها پێبژاردنێک لە دوو ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆن دینار زیاتر نەبێت”.

48 بنکەی نوێی تۆمارکردنی چەک کرانەوە

48 بنکەی نوێی تۆمارکردنی چەک کرانەوە