دوو تۆمەتبارەکە لای پۆلیسی سلێمانی - وێنە: 964
دوو کەس فێڵێکی سەیریان لە هاوڵاتیان کردووە و دەستگیر کراون
964+
پێشەوا محەمەد
پۆلیسی سلێمانی دوو کەسی دەستگیر کردووە، کە بەناوی فرۆشتنی بەنزین و گازەوە بە نرخی هەرزانتر فێڵیان لە هاوڵاتیان کردووە.
پۆلیس لە دوای سکاڵای هاوڵاتییەک بەدواداچوونی کردووە کە سکاڵای تۆمار کردووە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 21.9.2023 ئەو دوو کەسە لە عەربەت دەستگیر کراون.
سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە 964ـی وت، “ئەو دوو کەسە بە هاوڵاتیانیان وتووە نەو و غازتان بە هەزرانتر پێدەفرۆشین، بردویاننەتە بەنزینخانە و پارەکەیان لێوەرگرتوون و بە ماتۆڕ رایانکردووە”.
وتیشی، “دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە و ئەو فێڵەیان لە چەند هاوڵاتییەکی تریش کردووە”.
دوو تۆمەتبارەکە تەمەنیان 38 ساڵ و 37 ساڵن و بە مادەی 456 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستبەسەر کراون.
مادەی 456 لە یاسای سزادانی عێراق تایبەتە بە فێڵکردن و سزاکەی بریتییە لە بەندکردن، بە مەرجێک لە سێ مانگ کەمتر نەبێت و لە پێنج ساڵیش زیاتر نەبێت.