رێگای نێوان کەرکوک – بەغدا نۆژەندەکرێتەوە

964+

سیروان خورشید – دوزخورماتوو

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی عێراق بڕیاریداوە رێگای نێوان کەرکوک – بەغدا نۆژەن بکاتەوە و ئێستا کارکردن تیایدا بەردەوامە.

شەلال عەلی ئەندازیاری سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە بە 964ـی وت، پڕۆژەکە بەدرێژایی نێوان رێگای کەرکوک – بەغدا بەڕێوەدەچێت، کارکردن تیایدا گەشتووەتە سنوری دوزخورماتوو – داقوق و تاوەکو کەرکوک بەردەوام دەبێت.

ئەو ئەندازیار وتیشی، بەهۆی تێکچوون و خراپی رێگاکە پڕۆژەکە هەردوو دیووی هاتن و رۆشتنی نۆژەن دەکەنەوە بەقیرتاوکردن، ئەو ئەندازیارە ئاماژەی بەوەشکرد بۆ یەکەمجارە جۆرێکی مادە لەم سنورە بەکارەهێنرێت بۆ قیرەکە کە ئەو مادەیە دەبێتە هۆی پاراستنی قیرەکە لە گەرما و سەرما و گاریگەری تێکچوونی لەسەر نابێت بەو پێیەی ئەو ڕێگایە زۆرترین هاتوچۆی لەسەرە.

ماوەی چەندین ساڵە رێگای نێوان کەرکوک – بەغدا تێکچووە و بە خراپی ماوەتەوە و پێویستی بەنۆژەنکردنەوە هەبووە بە جۆرێک لە هەندێک شوێن رێگاکە بە کەڵکی هاتوچۆکردن نەماوە ئەگەرچی رێگایەکی سەرەکی نێوان بەغدا و هەرێمیشە.

درێژی رێگای نێوان کەرکوک بەغدا 320 کیلۆ مەترە، رێگاکە دەیان پارێزگا و قەزای لەسەرە و ماوەی دەیان ساڵە بەبێ نۆژەن کردنەوە و خزمەتگوزاری ماوەتەوە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی