دەبێت چی بکەیت بۆ ئەوەی لە پاکی ئاوی خواردنەوە دڵنیا بیتەوە؟
964+
پێشەوا محەمەد
بۆ ئەوەی لە پاک یان پیسی ئاوی ماڵەوە دڵنیابیتەوە دەبێت نموونەیەک لە ئاوەکە وەربگریت و بچیت لە نەخۆشخانەی شیرەکە لە شاری سلێمانی پشکنینی بۆ بکەیت، ئەوە قسەی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانییە.
نەخۆشخانەکە لەسەر شەقامی ئیبراهیم پاشایە لە شاری سلێمانی.
ئامانج جەلال، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، لە ماوەی دوو تا چوار رۆژدا پشکنینی ئاوەکە دەردەچێت.
وتیشی، “ئەو ئاوەی بەڕێوەبەرایەتییەکەی ئێمە دابەشی دەکات هیچ گومانێک لە پیسبوونی نییە، چونکە دوای چەندان پشکنین بە هاوڵاتی دەدرێت، بەڵام پشکنینی ئاو بۆ ئەوانە گرنگە کە ئاوی ئێمەیان ناگاتێ”.
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی کە بە 964 دراوە، 10% بۆ 15%ـی دانیشتوانی سلێمانی ئاوی ئەو بەڕێوەبەرایەتییەیان پێناگات و پشت بە سەرچاوەی دیکە دەبەستن.
“ئەگەر ئاوەکە پشکندرا و پیس بوو هەندجێ جار لە رێگەی کلۆرەوە چارەسەر دەکرێت و ئەگەر تێکەڵی ئاوەڕۆش بووبوو یان پیسییەکەی چارەسەر نەکرا نابێت بەکاربهێندرێت”، ئەوەش قسەی ئامانج جەلالە.
ئەو رێکارانە بۆ دانیشتووانی هەر ناوچەیەکی دیکەی هەرێم راستە بۆ دڵنیابوونەوە لە پاکی ئاوەکەیان، بە مەرجێک ئەو شوێنە دەستنیشان بکرێت کە پشکنینی ئاوەکەی لێدەکرێت.