پەڕەی کەشناسی هەرێم سڕاوەتەوە
964+
ژووری هەواڵ
دوای ماوەیەکی زۆر لە سڕکردنی پەڕەی فەیسبووکی کەشناسی هەرێمی کوردستان، ئێستا بەتەواوەتی سڕاوەتەوە.
ئەو پەڕەیە ناسراو بوو بۆ هاوڵاتیان و رۆژنامەنوسان، زوو زوو لەبارەی کەشناسییەوە زانیاری دەخستەڕوو، بەڵام ساڵێک و حەوت مانگ دەبێت کە هیچ چالاکییەکی نەبووە لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی.
ستافێک لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان بەڕێوەیان دەبرد و زمانحاڵی کەشناسی بوو لەناو وەزارەتەکە.
سەرچاوەیەکی نزیک و ئاگادار کە پێشتر کارمەند بووە لە بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی بە 964ـی وت، “ئێمە خۆشمان نەمانزانی بۆچی بەڕێوەبەرایەتییەکەمانیان نەهێشت و کردیان بە هۆبەیەک لە وەزارەت”.
وتیشی، “ئێستا هەر ناهێڵن قسە بکەین، ناهێڵن دەربکەوین، ناشزانین لەبەرچی”.
ئەو پەڕەیە خاوەنی 76 هەزار فۆڵۆوەر بوو، هەروەها کۆتا پۆستی لە رۆژی 17ـی مانگی شوباتی 2022 بووە.
ئێستا لەجیاتیدا، پەڕەی فەرمی وەزارەتی گواستنەوە رۆژانە پێشبینییەکانی کەش و هەوا بڵاودەکاتەوە.
پێشتر، بۆ ئەم بابەتە 964 پرسیاری لە دیلان رەشاد وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە کرد، ئەو باسی لەوە کردبوو، کە هۆکاری وەستانی پەڕەکە “گۆڕانکاری ئیداریی” بووە لە پێکهاتەی وەزارەتەکەدا.
بەڵام بە سۆراغی 964، هیچ یەکێک لە کارمەندەکانی ئەو بەڕێوەبەرایەتیە رازی نەبوون و پێیانوابوو بۆ بچووککردنەوەیان ئەو گۆڕانکارییانە کراون.