منداڵانی ئۆتیزمی هەولێر بە کۆمەڵ مەلەوانی دەکەن

964+

شیراز عەبدوڵا ـ هەولێر

ژمارەیەکی زۆر منداڵی ئۆتیزم لە هەولێر، لەناو مەلەوانگەی هۆڵێکی داخراو کۆکراونەتەوە یاری و مەلەوانی دەکەن.

دلاوەر باوکی دلوارە کە منداڵێکی ئۆتیزمی تەمەن 12 ساڵە، هێناویەتی لەناو ئەو مەلەوانگەیە هاوشانی منداڵەکانیتر مەشق و راهێنانی زیاتر بە کوڕەکەی بکات.

ئەو بە 964ـی وت، زیاتر لە هەشت ساڵە دەیان جۆر راهێنانی بە منداڵەکەی کردووە، بەڵام ئێستا ناتوانن بیانخەنە بەر خوێندن، چونکە لەناو ناوەندەکانی خوێندن راهێنەری تایبەتی نییە.

سەیران حەوێز بەڕێوەبەری سەنتەری ئۆتیزمی حکومی هەولێر بە 964ـی وت، بە پێی ئاماری سەنتەری حکومی ئۆتیزمی هەولێر، ساڵانە پێنج بۆ شەش منداڵ ئامادە دەکرێن و دەخرێنە بەرخوێندن، پێشتریش ئەو منداڵانەی وەرگیراون ،بە پلەی نایاب پۆلەکانیان تێپەڕاندووە.

بە پێی ئاماری گروپی ئامێز، ژمارەی منداڵانی ئۆتیزم لە هەولێر لە نێوان سێ بۆ  پێنج هەزار منداڵ دەبێت، بەشێک لە خێزانەکان بەهۆی کەمی هۆشیاری ناوی منداڵە ئۆتیزمەکانیان لە سەنتەر و رێکخراوەکانی بوارەکە تۆمار نەکردووە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی