دەرچووانی ئامادەیی لە خانەقین ئەمساڵ روو لە زانکۆکانی هەرێم دەکەن

964+

ڕاژان باجەڵان – خانەقین

ئەمساڵ بۆ یەکەمجارە قوتابیانی خانەقین دەتوانن کۆدی زانکۆلاین وەربگرن و فۆڕمەکە پڕبکەنەوە بۆ وەرگرتنیان لە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێم.

د.بەشار تارق، بەرێوەبەری تۆماری کۆلێژی زمان و زانستە مرۆڤایەتییەکان بە 964ی راگەیاند، “ئەمڕۆ یەکشەممە یەکەم رۆژە دروستکردنی کۆدی زانکۆلاینمان کردووەتەوە لە خانەقین و ئەم هەنگاوە فۆرمی تایبەتی هەیە و تا پێنج رۆژ بەردەوام دەبین”.

د.ئاسۆ لەتیف راگری کۆلێژی زمان و زانستە مرۆڤایەتییەکان بۆ 964 وتی، پێشتر سەدان کەس لە دەرچووانی ئامادەییەکانی سەر بە حکومەتی ناوەندی دانیشتووی قەزای خانەقین بەدەست فۆرمەکانیان بۆ پڕدەکرایەوە، بەڵام ئەمساڵ لە خانەقین تا زاخۆ بەیەک سیستم فۆرم پڕ دەکرێتەوە.

ساڵانی پێشوو سیستمی زانکۆلاین لە خانەقین کارا نەبوو، بەڵام ئەمساڵ چاوەڕوان دەکرێت ژمارەیەکی زۆری قوتابی دەرچووانی پۆلی 12ی ئامادەیی سوودمەند بن لەو دەرفەتە و لە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێم وەربگیرێن.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی