دیمەنی بڵاوبونەوەی هێزەکانی سەربازی عێراق لە کەرکوک.وێنە:+964
سەرچاوەیەکی ئەمنی بۆ 964
“ئەگەر هەیە کشانەوەی هێزەکان لە کەرکوک بکەوێتە دوای هەڵبژاردنەکان”
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
نزیکەی هەفتەیەکە بەهۆی خۆپیشاندانەکانی شاری کەرکوک هێزێکی زۆری سەربازی و پۆلیس هێنراوە بۆ شارەکە و لەناو شار و لە گەڕەکە کوردییەکان بڵاوەیان پێکراوە، 964 پرسیاری لەسەرچاوە ئەمنیەکانی ئەو شارە کردووە لەبارەی کشانەوەی ئەو هێزانە.
بەپێ سۆراغی 964 لەگەڵ چەند فەرماندەیەکی ئەمنی باڵا لە شارەکە قسەیکردووە تا ئێستا دوو کات دیاریکراوە بۆئەوەی ئەو هێزانە لەناو شار بکشێنەوە، بەڵام بەقسەی ئەو کەسانەی قسەیان بۆ کردووین، ئەوان دەڵێن، “بابەتەکە هێندەی سیاسیە هێندە ئەمنی نییە”.
سەرچاوەیەکی ئەمنی لە کەرکوک بۆ 964 دەڵێت، یەکەم ئەگەری کشانەوەی ئەو هێزانە پەیوەندی بەدوای سەردانەکەی سودانی هەیە، دەنگۆیەک هەیە کە رۆژی شەممە سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی شاری کەرکوک بکات، ئەو سەرچاوەیە دەڵێت، ئەگەر هەیە کشانەوەی ئەو هێزانە بکەوێتە دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان کە بڕیارە 18ی کانونی یەکەم ئەنجام بدرێت.
رۆژی پێنجشەممە، بەفەرمانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، هێزێکی فیرقەی سێی پۆلیسی فیدراڵی بەسەرپەرشتی لیوا حەیدەر متۆڕی و وهەروەها هەزار و 500 پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکان رەوانەی شاری کەرکوک کران.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی