دیمەنی سووتاوی خیوەتێکی کەمپی ئاوارەکانی رۆژئاوای کوردستان لە قەزای بەردەڕەش- وێنە: 964+
لە بەردەڕەش ئاگر کەوتەوە و منداڵێک گیانی لەدەستدا
+964
زەید کۆچەر – دهۆک
لە کەمپی ئاوارەکانی رۆژئاوا، لە قەزای بەردەڕەش چادرگەی ماڵێک سووتا، بەرگری شارستانی قەزاکە هەواڵەکەی بۆ 964 پشتڕاستکردەوە و وتی، “منداڵێکی تەمەن یەک ساڵ و نیو بەهۆی رووداوەکەوە سووتاوە و گیانی لەدەستداوە”.
بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانی بەرگری شارستانی بێت، “شۆرتی کارەبا بووەتە هۆکاری رووداوەکە”.
عەقید ئیبراهیم فەریق بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی ئاکرێ بە 964ـی وت، “پاش کاتژمێر 12:00ـی ئەمڕۆ، رووداوەکە روویداوە، کە منداڵێک بەناوی (رۆنیا حەسەن موسا) کە خێزانەکەی ئاوارەی رۆژئاوای کوردستانن، لەناو کەمپەکەدا نەتواندراوە رزگار بکرێت و گیانی لەدەستداوە”.
وتیشی، “چادرگەی ماڵەکە و تەواوی کەلوپەلەکانیان بەهۆی ئاگری بەتینەوە سووتاون و هیچیان بۆ دەرنەچووە”، بە وتەی بەرگری شارستانی ئاکرێ بێت، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ زیانەکان و قەرەبووکردنەوەی ماڵە زیانلێکەوتووەکە دەکرێتەوە.