لە نەخۆشخانەی ئاکرێ منداڵی تازە لەدایکبوو بە پارەیە

964+
زەید کۆچەر

بە سۆراغی 964، لە نەخۆشخانەی منداڵبوونی ئاکرێ پارە لەو دایک و باوکانە وەردەگیرێت کە لەوێ منداڵیان دەبێت، لەکاتێکدا ئەوە قەدەغە کراوە.

بۆ ئەم بابەتە، لەگەڵ چەندین دایک و باوک قسەمان کرد کە لەو نەخۆشخانەیە بوونەتە خاوەنی منداڵی تازە.

سلێمان زێباری هاوڵاتیەکی خەڵکی ناحیەی گردەسێنە و مانگێک لەمەوبەر لە نەخۆشخانەی منداڵبوونی ئاکرێ منداڵیان بووە، ئەو بە 964ـی وت، کارمەندەکانی نەخۆشخانەکە داوای پارەیان لێکردووە و ئەمیش 10 هەزار دیناری پێداون، بەڵام رازی نەبوون و داوای 50 هەزار دیناریان کردووە، دەڵێت، “بە ناچاری پارەکەم پێدان”.

لەم بارەیەوە، نێچیرڤان فەخرەدین وتەبیژی تەندروستی ئاکرێ بۆ 964 جەختیکردەوە لە قەدەغەبوونی ئەو رەفتارە و وتی، “پارە وەرگرتن لە دایک و باوکی منداڵی تازە لەدایکبوو بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە”.

ئەو رەتینەکردەوە کە ئەو حاڵەتانە هەن، بۆیە رێنمایی دایک و باوکانی کرد لەو کاتانەدا کە داوای پارەیان لێدەکرێت پەیوەندیان پێوە بکەن بۆ ئەوەی بەدواداچوون بکەن و کەس و لایەنی بەرامبەر سزا بدرێن.