بەهۆی نەشتەرگەری جوانکارییەوە ژنێک گیانی لەدەستدا
964+
ژێوار خدر – رانیە
کەسێک کە نۆرینگەی پزیشکی هەیە لە رانیە کە خۆی وەک پزیشک ناساندووە نەشتەرگەری جوانکاری بۆ ژنێکی 37 ساڵ کردووە، بەهۆیەوە ژنەکە گیانی لە دەستداوە.
رووداوەکە دوو رۆژ لەمەوبەر لە شوێنێکی ”نایاسایی” لە پشتی دەرمانخانەیەک ئەنجام دراوە، ژنەکە بەنج بەری نەداوە و گیانی لە دەست داوە.
تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی کە تیمێکن چاودێری کەرتی تەندروستی دەکەن کەمێک پێش ئێستا زانیارییەکەیان بڵاوکردووەتەوە.
بە پێی بەدواداچوونەکانی 964 ئەو کەسە لەسەر میلاکی تەندروستی رانیە دانەمەزراوە و پێدەچێت دەرچووی بەشێکی پزیشکی بێت.
سەرچاوەیەک لە تەندروستی راپەڕین بە 964ـی وت ”کەسێک کە دەرمانخانەی هەیە لە پشتی دەرمانخانەکەیەوە شوێنێکی بە نایاسایی کردووەتەوە و کاری جوانکاری تیادا ئەنجامداوە، ئەو ژنە لەوێ گیانی لەدەستداوە”.
سەرچاوەکە لە بەر هەستیاری پۆستەکەی داوای کرد ناوی نەهێنرێت، وتیشی ”تا ئێستا دوو جار لەلایەن لیژنەکانی چاودێرییەوە ئەو شوێنە داخراوە، بەڵام ئەو کەسە بەردەوام بووە لە ئەنجامدانی جوانکاری بەنهێنی”.
پەیامنێری 964 لای پۆلیس سۆراغی کرد، تائێستا کەسوکاری ژنەکە سکاڵایان نەکردووە.