دژە تیرۆری کوردستان: تەقینەوەکەی ئەمڕۆی شەقامی 60 مەتری بۆمب بووە
964+
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی لە شەقامی 60 مەتری هەولێر دەنگێکی گەورە بیسترا، دوای لێکۆڵینەوەکان دژە تیرۆری کوردستان رایگەیاند، تەقینەوەی بۆمب بووە.
دژە تیرۆری کوردستان بڵاویکردەوە، ئێوارەی ئەمرۆ هەینی کاتژمێر 6:29 خولەک لەسەر شەقامی 60 مەتری هەولێر بۆمبێک لەسەر پردێکی پەڕینەوە تەقیوەتەوە.
دژەتیرۆر دەڵێت: تەقینەوەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و تەنیا زیانی مادی هەبووە.
ئەو پردەی تەقینەوەکەی لێی روویداوە، پردی پەڕینەوەیە دەکەوێتە نزیک چێشتخانەی ئەبو شەهاب و مزگەوتی سپی.
سەرەتای رووداوەکە، وتەبێژی ئاسایشی هەولێر بە 964ی وتبوو، وا پێشبینی دەکەن دەنگە گەورەکە بۆهۆی تەقینی مەحاویلە بێت.
سەرەتای رووداوەکە بۆ ماوەیەکی کاتی ئاستەنگی هاتوچۆ لە شەقامی 60 مەتری دروستبوو، بەڵام دوای کەمتر لە کاتژمێرێک دۆخەکە ئاسایی بوویەوە.