رەنگە سۆلەر جێگەی مۆلیدە و رەئیسی بگرێتەوە
964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی
تا بێت ئەوانەی واز لە کارەبای مۆلیدە و نیشتیمانی دەهێنن زیاتر دەبێت، لە شاری سلێمانی تا ئێستا 150 ماڵ سیستمی سۆلەریان داناوە کە لە وزەی خۆرەوە کارەبا بەرهەمدەهێنێت.
ئەو ماڵانە دەڵێن لێی حەساونەتەوە و چیتر کێشەی کارەبا کێشەی ئەمان نییە.
شیروان جەمال خاوەن ماڵێکە کە سیستمەکەیان هەیە، ئەو دەڵێت، دانانی ئەم سیستمە هەروا ئاسان نییە، دەبێت لە رێگەی کۆمپانیاکانەوە رێوشوێنی بۆ بگیرێتەبەر، نرخەکەشی بە جۆرێکە بۆ دەستکەوتنی هەر 10 ئەمپێڕێک کارەبای بێ سەرئێشە و هەمیشەیی، 70 بۆ 80 وەرەقەی تێدەچێت.
بە قسەی ئەوانەی هەیانە، سیستمەکە یەک گرفتی هەیە، ئەویش ئەوەیە لە کاتی گەڕانەوەی کارەبای سۆلەرەکە بۆ نیشتیمانی جۆزەکە دادەدرێتەوە، ئەمەش وایکردووە، بیر لەوە بکرێتەوە پێوەری زیرەکی کارەبای ئەو ماڵانە هەر بە تەواوەتی لاببرێت.
لە هەرێمی کوردستان کارەبا کێشەیەکی دانەبڕاوە لە ژیانی رۆژانەی هاوڵاتیان، ئەگەر بێت و تێچووی ئەم سیستمە کەمتربوایە، پێدەچێت زۆرینەی ماڵەکان خۆیان لە کارەبای مۆلیدە و هات و نەهاتی کارەبای رەئیسی رزگاربکردایە.