“رۆژانە مادەی هۆشبەر لەناو زیارەتکاراندا دەگیرێت”

964+

راژان باجەلان – خانەقین

بەڕێوەبەری مەرزی مونزریە لە خانەقین دەڵێت، رۆژانە لیژنەکانی پشکنین، مادەی هۆشبەر لەناو ئەو زیارەتکارانەدا دەگرن کە دەیانەوێت بێنە ناو خاکی عێراقەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، لیوا شێرکۆ ئەحمەد بەڕێوەبەری مەرزی مونزریە بۆ 964 وتی، “بەردەوام مادەی هۆشبەر بەوانەوە دەگرین، کە وەک زیارەتکار دەیانەوێت بێنە ناو عێراق، هەرچەند رۆژ جارێک ئەو مادەی هۆشبەرانە لەناو دەبەین”.

بە وتەی لیوا شێرکۆ ئەحمەد، ئەو کەسانەی مادە هۆشبەرەکانیان پێوە دەگیرێت، رەوانەی ئێران ناکرێنەوە، بەڵام مادە هۆشبەرەکان لەناودەبرێن.

بەڕێوەبەری مەرزی مونزریە دەڵێت، ئەو مادانەی دەگیرێن، حەشیش لەگەڵ گیادەرمانی تێکەڵکراون و حەبی ئارامکەرەوەن، هەندێک لەو مادانە لە ئێران رێگەپێدراون، بەڵام لە هەرێم و عێراق رێگەپێدراو نین.

مەرزی مونزریە دەکەوێتە قەزای خانەقین، بەگوێرەی وتەی دلێر سایە قایمقامی خانەقین کە هەفتەی پێشوو بۆ 964 قسەی کرد، ئەمساڵ پێشبینی هاتنی زیاتر لە یەک ملیۆن زیارەتکار دەکەن، کە لە مەرزی مونزریەوە بێنە عێراق و بەشداری لە چلەی ئیمامی حوسێن بکەن.